سینەمای ئێمپێرسیۆنیزم                                                    

رەفیق فواد یارئەحمەدی

دوای شەڕ لە فەڕانسەدا "ئێبڵ گانس" "لۆئی دلۆک" " ژێر مەن دۆلاک" وچەند فیلسازیکی دیکە هاتنە پانتای سینەماوە کە جیاوازیەکی زۆریان لە گەڵ سینەما کارەکانی بەر لەخۆیان بوو . دەرهێنەرەکانی بەر لەمان سینەمایان کردبووە کەرەسەیەک بۆ بە دەستهێنانی سەرمایە . بەڵام ئەمان لە بارەی تیۆرییەوە زۆر بە ئاگاو شارەزابوون و بەو وتارانەی کە دەیاننوسی داواکاری سینەمایەکی هونەری بوون نەک بازرگانی . لە ساڵی 1918تا 1928 ئەم فیلمسازانە فیلمی ئەزموونی یان بە فۆرم و ناوەرۆکی جیاوازەوە دەردەهێنا کە لەگەڵ شێوازی هالیوودی دا زۆر لێک جودا بوون.
ئەوان بایەخی زۆریان دەدا بە دەرونناسی. بۆ وێنە بە بەکار هێنانی سێ سووچی عەشق بۆ دەرخستنی پەیوەندی ئینسانی و پیشاندانی هەست و سۆزی مرۆڤ زۆر بەرچاوە . ئەوان دەیانەوێت پیشاندەری زەینی قارەمانەکە بن و وەک دەرهێنەرە کلاسیکیەکان بەس لایەنی جەستەیی مرۆڤیان پیشان نەدەدا بەڵکو هەوڵیان دەدا دەرونیاتی مرۆڤەکان بخەنە ڕوو. دەستێوەردان لەکات دا بە زۆری کەڵکی لێ وەردەگیراو بەشێکی بەرچاوی ئەم فیلمانە کە لە "فلاش بەک" پێک هاتووە نمایشی خۆلیاو خەیاڵ و حاڵاتی سۆزی دەروونی و رۆحی تیایدا لە بەرچاو دەگیرا .
بۆ وێنە دەتواینن باس لەفیلمی سووڕان بەرهەمی "ئێبڵ گانس " بکەین ئەدوێن لەبەرهەمەکانیاندا زۆر تایەت بوو. بەکارهێنانی بەردەوامی دیزالۆ سۆپرایمپۆر، ئایریس و تەکنیکەکانی تری بڕینی رووناکی لەخزمەت نمایشی حاڵەتە دەرونیەکانی پێرسوناژ دا بوو.
ناوەرۆکی فیلم و حاڵەتی پێر سۆناژەکانیان بە ئەندازەی گرتە یان جووڵەی کامێراکە پیشان دەدا نەک بە دیالۆگ بۆ نمونە ئەگەر کامێرا لەنیگای نەخۆشێکەوە وێنەی بگرتبایە، شتوومەکی دەوروبەری بە ڕوونی پیشان نەدەدا یانی "فلۆ" دەبوو و زۆر جار بە جووڵەیەکی توندەوە وێنە دەگێرا .
ئەوان زۆر حەزیان لە مۆسیقا بوو و دوای ماوەیەک تەدوینی ریتمیکیان –داهێنا.
گرنگترین کەڵکی ئەوان لەتەدوین بەریتمی تووند بوو، واتا بەرە بەرە رێژەی فرێمەکانی هەر پلانێکیان کەم دەکردەوە تاکوو رێتم توندتر بێت و زیاتر بۆ نمایشی کەشی ئاڵۆزی زەینی کەسایەتیەکە کەڵکیان لێ وەردەگرت.
ئیمپیرسیۆنیزم کۆمپانیاکانی وا لێکرد کە دەست بدەنە نوێکاری و داهێنان و تەکنیکی نوێ بۆ وێنە "ئێبڵ گانس" لەفیلمی "ناپلیۆن " دا لە چاوەیەکی تایبەت کەڵکی وەرگرت ئیمپیرسیۆنیستەکان دەیانووت ئەگەر بڕیار وایە کە کامێرا بچێتە جێی پێرسوناژ ، دەبێت توانای جووڵەی لەهەر لایەکەوە ببێت. لەم روانگەوە زۆر سەیر نییە ئەگەر لە فیلمێکی ئیمپیرسیۆنیستی دا شایەدی بینینی کامێرا بین کە لە هەر لایەکەوەو لە سەر سەری خەڵکەوە لە ئاسمانەوە بێتە خوار یا ئەوەی کە کامێرا لە ناو ژورێکدا بفڕێت.  دوای شکستی ماددی دو فیلمی "ناپلیۆن"و "پارە" کۆمپانیا بازرگانیەکان رازی نەبوون بە تەرخان کردنی سەرمایە بۆ بەرهەمهێنانی  فیلمی ئەزموونی ئێمپێرسیۆنیستی کە بێجگە لە هەندێک بینەری تایبەت بینەریان نەبووو بزوتنەوەی ئێمپێرسیۆنیزم لە ساڵی 1929 لە پانتای سینەمادا نەما ، بەڵام کاریگەری لە سەر دەرهێنەرانێکی وەک "ئاڵفرێد هیچکاک"و" مایادرێن" شتێکی حاشا هەڵنەگرە .