کلیپێک بۆ باوکی مافی مرۆڤی کورد

ئەمڕۆ ٣ ی جوولای ٢٠١٢ ماوەی ٤٠ رۆژە کە هاوڕێ "محەممەد سدیق کەبوودوەند" مانی لە خواردن گرتووە لە گرتوخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا و تا دانانی ئەم هەواڵە بەردەوامە لە مان گرتنەکەی. داوا رەواکانی ئەو شتێک نین جگە لە خواستی باوکێکی دڵسۆز بۆ بنە ماڵە و نەتەوەکەی تەنیا ئەمجارەیان بۆ دیتنی جگەرگۆشە بێ نازەکەی کە ئێستاکە تووشی نەخۆشیەکی بێ چارەسەر هاتووەو لە گۆشەی نەخۆشخانەدا چاوەڕوانی لە ئامێزگرتنی باوکە مافخوازە مافخوراوەکەیەتی. لە ئامێزگرتنێک کە لەوانەیە دیداری ماڵ ئاوایی ئەم دوو ئازیزەش بێت بۆ هەتا هەتایە. بەڵام ئەوە دەستە رەشەکانی جەللادە کە چاوی بەرایی بینینی ئەم دیدارە پیرۆزەشی نییە و بەو کارەی هەڵدەستێت بە تۆڵە سەندن نەک لە "محەممەد سدیق" بەڵکوو لە نەتەوەیەک کە بە درێژایی بوونی رۆڵەکانی بوونەتە قوربانی مافخوازی و ئازادی بۆ کوردستان. کوردستانێک کە گەرچی داگیرکەر هەزاران رۆڵەی وەک فەرزاد و ئێحسان و شوانە و شیرین ی لێ بێ بەش کرد بەڵام هەر نەیتوانی رۆڵە بە ئەمەکەکانی وەک کەبوودوەند کە سەڵای مافخوازیان وەک شنەی با کۆڵان بە کۆڵان و ناوچە بە ناوچە و گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستان و جیهانیان تەنیوەتەوە لە هەستیار بوون بەرامبەر چارەنووسی نەتەوەکەیان بێ هەست بکات. هیوادارم کە ئەمجارەشیان ئەم هەڵوێستە پیرۆزەی باوکی مافی مرۆڤی کورد ببێتە جێی شەرمەزاری و تەریک کەوتنەوەی هەرچی زیاتری داگیرکەر و "محەممەد سدیق" یش لە بەهاری ئازادیدا چاوی بە بنەماڵەی ئازیزی گەش ببێتەوە. لە کۆتاییدا تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بڵێم: ئێمە هەموومان قەرزارباری تۆین و بە دروستکردنی نەک کورتە کلیپێک بەڵکوو بە سەدان و هەزاران فیلمی سینەماییش لە سەر ژیانی پر لە سەروەری تۆ هێشتا لە ژێر باری ئەو قەرزە نایەینە دەر. بە هیوای ئازادیت.
ئەم کلیپە پێشکەشە بە باوکی مافی مرۆڤی کورد "محەممەد سدیق کەبوودوەند" :
http://www.youtube.com/watch?v=eVLBe1PQvPo