وێنەگری لە سەدەی بیستەمدا

ئاڵمانیا

رێنجێرپاتسش, ساندێر 

ن: ه . و . جه‌نسۆن

و: ره‌فیق فواد یارئه‌حمه‌دی


بە بزوتنەوەى نیۆ ئۆبژەکتیویتى(1) لە ئەڵمانیا لە کۆتاییەکانى ساڵى 1920و سەرەتاى 1930 وێنەگرى پێشکەوتنێکى وەهاى بە خۆوە بینى کە تا ئەو سەردەمە بآ هاوتابوو. بە دروستکردنى کامێرا شازە ئەڵمانیەکان و بەگەشەکردنى پیشەسازى چاپ و بڵاوکردنەوە، وێنەگرى ئاڵمانیایى راستەو خۆ لەسەر دەمێکدا جەختى لەسەر مادى بوون دەکرد کە زۆربەى وێنەگرەکان لە جیهانى واقیع دوور دەکەوتنەوە. لە وێنەکانى ئەواندا جوابى ناخى شتەکان لە ژێر سێبەرى روونى فۆرم و کۆمپۆزەیشن دا پیشان دەدرا. ئەم روانگەیە بێجگە لە بارى کردەوە هاوشانى بنەماکانى باهاوس(2) بوو.


رێنجێرپاتسش(3) 


دەستەکانى گۆزەچى (4) (وێنەى ژمارە15) بەرهەمى ئالبێرت رێنجێر پاتسش(5)(1966-1879) لێکۆلەرى پێشەنگى نیۆ ئۆبژەکتیویتی لەوپەڕى توانایدا بەتەکنیک و شێوازێکى تایەبت کارى تیا کردووە کەبە ئەنقەست بەکەم کردنەوەى ئیماژ بە ئابستراک خۆى لە ووتنى هەر رایەکى تاکەکەسى دەپارێزێت. ناوەڕۆک بە تایبەت لەو پەڕى دورى لە هەست و دونیاى یاسا خواز کە ئاماژەى پێدەکات، پیشان دراوە.


ساندێر(6)


نیو ئۆبژەکتیویتى کاتێک لە جێى شتوومەک بۆ خەڵک بەکار ببردرێت دەتوانێت ئاکامێکى فریو دەرى هەبێت. ئاگۆست ساندێر(1964-1876) کە کتێبى (رواڵەتى سەردەمى ئێمە)(7)ى لە ساڵى 1929دا چاپ کردووە، چەمکى ئەم کتێبەى لە پشت رواڵەتێکى ئاشکراو ئاشتى خوازانەوە شاردۆتەوە. شەست پۆرترێتەکەى ئەو لێکدانەوەیەکى هەژێنەرە لە بارودۆخى ئاڵمانیاى سەردەمى نازیسم، داڕمانێک کە دواتر بووە هۆى کۆکردنەوەو دەست بەسەراگرتنى ئەم کتێبە پیاوى شیرینى پەز، کۆڵن بەرهەمى ساندێر(8)( وێنەى ژمارە16) کە بەئاشکرا شانازى بە پێگەى خۆیەوە دەکات بە تەواوى لەبەرامبەر روخسارى ترسەنۆکى، ئاڵمان چیرۆکێکى زستانى(9) بەرهەمى جۆرج گرۆتس(10)دایە سەرەڕاى لێکچونى سەیریان ئەم (شارۆمەندى مەزن)(11) ە لە چاو ئەو توندوتیژییەى کە گرۆتس زۆر بە ئاسایی و ئاشکرا نمایشی کردووە، بآ ئاگا دێتە بەرچاو. لە کاتێکدا کە وێنە هیچ بۆچونێکى تاکەکەسى نمایش ناکات. بۆچوونى کتێبى بآ بنەمایى بابەت، شکایەتنامەیەکى بەهێزە لە دژى ئەم سەردەمە.


پەراوێزەکان


1-New Objectivity

2-Bauhaus

3-Renger-Patzsch

4-Potters Hands

5-Albert R.P.

6-Sander August

7-Face Of our Time

8-Sanders Pastry Cook، Cologne

9-Germany، awinters tale

10-George Grosz

11-Good Citizen